ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش گەیشتە ٤٥ هەزار و ٨٩ کەس
پەیامی کورد... ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش گەیشتە ٤٥ هەزار و ٨٩ کەس
سهرۆكایهتی بهڕێوهبردنی كارهسات و دۆخه لهناكاوهكان له توركیا (AFAD) رایگەیاند، ٤٥ هەزار و ٨٩ کەس بەهۆی بوومەلەرزەکانی پارێزگای قەهرەمانمەڕەشەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن ئافادەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ١١ هەزار و ٢٠ پاشلەرزە لە دوای ئەو بوومەلەرزانە روویداوە کە چەقەکەی شارۆچکەکانی پازارجک وئەلبستانی پارێزگای قەهرەمانمەڕەش بوو.
لە پارێزگاکانی قەهرەمانمەڕەش، غازی عەنتاب، شانڵیئورفا، دیاربەکر، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، کلیس، ماڵاتیا و ئەلعەزیز بە تێکڕایی ٤٥ هەزار و ٨٩ کەس گیانیان لەدەستداوە. ژمارەی ئەو کەسانەیش کە لە ناوچەکەوە گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی تورکیا، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩٧١ هەزار کەس.
لەئێستادا شەش هەزار و ٣٦٨ کارمەندی گەڕان و رزگارکردنی سەر بە ئافاد، تیمەکانی دیکەی نێو وڵات و تیمە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا ئەرک بەجێ دەگەیەنن.
کۆی گشتی ژمارەی کارمەندانی ئافاد، ئاسایش، جەندرمە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا، تیمی بەهاناوەچوونی پزیشکی نیشتمانیی، تیمەکانی ئامبوڵانس، خۆبەخشان و تیمەکانی ئاسایشی ناوخۆیی، گەیشتوونەتە ٢٣٤ هەزار و ٦٣٦ کەس.
هاوکات، ١٨ هەزار و ٤٠ حەفارە، کرێن، شۆفڵ، بلدۆزەر، گڵابە، ترێلە، تانکەری ئاو و هاوشێوەکانی بۆ ناوچەی کارەساتەکە دابینکراوە.
لە رێگەی "پردی ئاسمانی"یەوە کە بۆ گواستنەوەی کارمەند و پێداویستی لەلایەن فڕۆکەکانی سەربە هێزە ئاسمانییەکان، هێزە وشکانییەکان، ئاسایشی کەناراوەکان و فەرماندەیی گشتیی جەندرمە پێکهێنراوە بە ١١٦ هێلیکۆپتەر و ٧٦ فڕۆکە، ١٣ هەزار و ٩٩٩ گەشتی ئاسمانیی ئەنجامدراوە.
هەروەها کۆی گشتی ٣٨ کەشتی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا و فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە بۆ گواستنەوەی کارمەند و پێداویستی و دەربازکردنی هاووڵاتییان تەرخانکراوە.
- دانانی ٣٥٨ هەزار و ٣٧ چادر تەواوبوو
دانانی ٣٥٨ هەزار و ٣٧ چادر لە ناوچە کارەساتبارەکان تەواوبوون و کابینەشار لە ١١ پارێزگا و ٣٣٢ خاڵ دروست کراون.
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە چادر، کابینە، بەشەناوخۆییەکانی GSB، هوتێل، میوانخانە گشتییەکان، دامەزراوەکانی سەربە وەزارەتی پەروەردە و دامەزراوەکانی دیکە لە ناوچە کارەساتبارەکان و دەرەوەی ناوچە کارەساتبارەکان نیشتەجێکراون گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩١٥ هەزار و ٦٨٧ کەس.
هەروەها لە چوارچێوەی گرووپی پاڵپشتیی دەروونیی کۆمەڵایەتیی دوای کارەسات، چوار ناوەندی خزمەتی کۆمەڵایەتیی گەڕۆک لە قەهرەمانمەڕەش، هاتای، عوسمانییە و ماڵاتیا دامەزراوە. پاڵپشتیی دەروونی پێشکەشی یەک ملیۆن و ٢٥ هەزار ٢٩١ کەس کراوە کە ٦٩١ هەزار و ٣٨٨ کەسیان لە ناوچەی بوومەلەرزەکە و ٣٣٣ هەزار و ٩٠٣یان لە دەرەوەی ناوچەی بوومەلەرزەکەدا بوون.