Cîhan
پۆمپیۆ: رێکەوتنی ئەتۆمی کۆتایی بەچالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران نەھێنا
بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، حکومەتی واشنتۆن پێیوایە رێکەوتنی ئەتۆمی کۆتایی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران نەھێناوە.
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیار لەبارەی رۆڵ و ھێزەکانی لەسوریا بدات، چونکە ھەمیشە ھەوڵدەدات پەردەپۆشی پێشێلکارییەکانی رژێمی سوریا بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئێران بەرپرسن لە بارەی خراپی باری ئابوریی ئەو وڵاتەشەوە.
مایک پۆمپیۆ دەشڵێت، وێڕای رێکەوتنی ئەتۆمی، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی بە بەرنامە و چالاکییە ئەتۆمییەکانی نەھێنا، بۆیە چاوپۆشی لە گەشەپێدانی چالاکی مووشەکی ناکەین.
جەختیشیکردووەتەوە، کە ئەمریکاش ئامادەیە بۆ واژۆکردنی رێکەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران بەڵام ھەڵەکانی رابردووش دوبارە ناکرێنەوە.