TR KU SO
FB X
Cîhan

ئەمریکا بیر لە بژاردەی سەربازی دژی حوسییەکان دەکاتەوە

Navas Jan
Admin
📅 11 Aralık 2023 19:54

پەیامی کورد... ئەمریکا بیر لە بژاردەی سەربازی دژی حوسییەکان دەکاتەوە


کەناڵی ABC ئەمریکی لە زاری ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا بەنیازە بژاردەی سەربازی دژی حوسییەکانی یەمەن بەکاربێنێت، ئەمەش لە ئەنجامی هەڕەشەکانی ئەو گرووپە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفزیۆنی ABC وڵاتەکەی وتووە، “بەدووری نازانین لە داهاتوودا هەنگاوی سەربازی دژی حوسییەکان بگرینە بەر”.

حوسییەکانی یەمەن، پاش راگەیاندنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە چەندین چالاکی دژی ئیسرائیل لەناوخۆ و دەرەوەی یەمەن ئەنجامداوە، بەشێک لەو چالاکییانە بریتیبوو لە هەڵدانی مووشەکی دوورمەودا بە ئاراستەی ئیسرائیل و هەندێک جاریش بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای سوور، پشتگیری خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەردەبڕی.

لە ئێستادا بەرپرسانی واشنتۆن بیر لە رێگەچارەیەک دەکەنەوە بۆ ‘سنووردارکردنی کردەوەکانی حوسییەکان’، لە دواین کاردانەوەشدا، مانگی تشرینی دووەمی رابردوو واشنتۆن رایگەیاند، بیر لە زیادکردنی حوسییەکان دەکەنەوە بۆ پۆلێنی ‘رێکخراوە تیرۆرستییەکان’ بەتایبەتی پاش دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئیسرائیلی لە دەریای سوور.

پێشتر حوسییەکان تەنها رێگریان لە کەشتییە ئیسرائیلییەکان دەکرد، بەڵام ئێستا رێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن کە بەرەو ئیسرائیل بڕوات.

هەفتەی رابردوو حوسییەکان هێرشیان کردە سەر دوو کەشتی لە کەناراوەکانی یەمەن کە بە وتەی خۆیان ئیسرائیلین و یەکێکیان ئاڵای دوورگەی باهاماسی هەڵکردبوو، هەروەها مانگی رابردووش دەستیان بەسەر کەشتی بارهەڵگری “گالاکسی لەیدەر”دا گرت کە پەیوەندی بە بازرگانێکی ئیسرائیلییەوە هەیە.

Paylas: