ئەمریکا: وڵامی هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی دەدەینەوە
پەیامی کورد … ئەمریکا: وڵامی هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی دەدەینەوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق وەڵامی ئەو هێرشە دەدەنەوە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کرایەسەر ماڵی مستەفا کازمی.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “پارێزگاری لە مافی هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق دەکەین و وڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە کرایە سەر سەرۆک وەزیرانەکەی”.
وتیشی، “ئەو هێرشەی کرایە سەر سەرۆک وەزیران تەنها هێرش نەبوو بۆسەر خودی مستەفا کازمی بەڵکو هێرشبوو بۆسەر سەروەریی عێراق”.
ئاماژەی بەوەکرد، “پێشتر چەندین هێرشمان لەلایەن گروپەکانی سەربە ئێرانەوە بینیوە، بەڵام نامانەوێت پێش لێکۆڵینەوەکان بکەوین سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی”.
نێد پرایس دەڵێت، “بە عێراقمان ڕاگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەی هاوکاریی تەواوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیران”.
پێشتریش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی دەکەن و داوای سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دەکەن.
هەروەها پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپاتکردەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەم بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای هێرشەکان مستەفا کازمی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ڕایگەیاند، کە سەلامەتە و هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.