ئەمریکا سیستەمێکی نوێی مووشەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات
پەیامی کورد ... ئەمریکا سیستەمێکی نوێی مووشەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات
ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا تەمای هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەوتی بەهێز بوونی چین لە ئاسیا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا کۆمەڵێک مووشەکی نوێ لەو ووڵاتە (قارە) جێگیر بکات.
مارک ئێسپێر، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕۆژی شەممە لە ووڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری جێگیرکردنی مووشەکی نوێی مەودا ناوەند لە ئاسیا دوای چوونە دەرەوەی ئەو ووڵاتە لە پەیمانی پێشگرتن لە پەرەپێدانی مووشەکی ئەتۆمی نێنونجبڕ ناسراو بە "ئای ئێن ئێف" جەختی لەوە کردەوە "پێمخۆشە ئەو کارە ئەنجام بدرێت".
سەرۆکی پێنتاگۆن لە دەستپێکی نوێی سەفەرێکی یەک حەوتویی خۆی بۆ ناوچەی ئاسیا و ئوقیانووسیە، لە سیدنى بە هەواڵنێرانی گووت: ئێمە دەمانهەوێ ئەو هەوڵە لە نیزیکترین کاتدا ئەنجام بدرێت. ڕەنگە لە مانگی ئایندەدا ئەو کارە بکەین و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو کارانە زەمەنێکی زۆرتر بخایەنن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا بە بێ ئەوەی زانیاری زیاتر سەبارەت بە جێگیرکردنی مووشەکانی ئەمریکا بدات وەبیری هێنایەوە: نامهەوێ بکەومە گوومان و ئێمە سەبارەت بەو پرسانە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆمان قسە دەکەین. ڕۆژی هەینی، ئەمریکا بە تۆمەتبارکردنی ڕووسیە بە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی پەیمانی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی مووشەکی ئەتۆمی نێونجبڕ ڕایگەیاند بە شێوەی فەرمی لەو ڕێککەوتنە دەچێتە دەر کە لە سەردەمی شەڕی سارد واژۆ کراوە.
پەیمانی پێشگرتن لە بەرهەمهێنان و تاقیکاری مووشەکی ئەتۆمی نێونجبڕ و کورتمەودا ساڵی ١٩٨٧ لە لایەن ڕۆناڵد ڕێگان، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئەمریکا و میخائیل گۆرباچۆف سکرتێری حزبی کۆمینیستی یەکیتی شورەوی واژوو کرا.
بە هۆی ئەو ڕێککەوتنە سایتە ئەتۆمییەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ ماوەی دە ساڵ چاودێریان بەسەردا کرا و زیاتر لە دوو هەزار مووشەکی کورت ونێونجبڕ لەناوبران. پێشگرتن لە بەکارهێنان و پەرەدان بە مووشەکی سەرزەوی بە مەودای زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتر یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی بوو.
دوای هاتنەدەرەوەی ئەمریکا لەو پەیمانە، واشینتۆن بە شێوەی ئازادانە دەتوانێ کێبڕکێ لەگەڵ ووڵاتی چین بکات. کۆگای مووشەکی پێکەن بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکی قەدەغە کراوی تێدایە. مارک ئێسپێر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەو بارەوە ڕایگەیاند دوای کۆتاییهاتنی ئەو پەیمانە، چین نابێ سەبارەت بە پڕۆژە مووشەکی و سەربازییەکانی ئەمریکا تووشی سەرسوڕمان بێت. سەرۆکی پێنتاگۆن ڕایگەیاند ٨٠%ی کۆگای مووشەکی چین لە چەکی قدەغەکراو پێک هاتووە.
جێگەی ئاماژەیە دۆنالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژێک دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکە، داوای درووست بوونی پەیمانێکی نوێی کرد کە چین و ڕووسیا لایەنێکی بن.