ئەمریکا: "تانکەکان بەو مەرجە بە ئۆکراینا دەدرێن کە تەنها بەرگری لە خاکی خۆی پێ بکات"
پەیامی کورد... ئەمریکا: "تانکەکان بەو مەرجە بە ئۆکراینا دەدرێن کە تەنها بەرگری لە خاکی خۆی پێ بکات"
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاند کە هاوشێوەی چەکەکانی دیکە تانکەکان بەو مەرجە بە ئۆکراینا دەدرێن کە تەنها بەرگری لە خاکی خۆی پێ بکات.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بادین رایگەیاند کە ژمارەیەک تانکی ئابرامس 31 M1 کە هێندەی کاروانێکی تانکەکان بێت بە سوپای ئۆکراینا دەدەن لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی وەزارەتی دەرەوەدا پرسیاری ئەوە لە نێد پرایس کرا: "ئایا رێگە دەدرێت ئەم تانکانە لە ئۆپەراسیۆنەکانی کریمیا، یاخود بۆسەر یەیەکانی رووسیا لە خاکی رووسیا و بێلاڕووس بەکار بهێندرێن؟"، هەرچەند پرایس ئاماژەی بەوە نەدا کە ئەم تانکانە لە دەرەوەی خاکی ئۆکراینا بەکار دەهێندرێن، یاخود نا، بەڵام وتی: "تەنهاو تەنها یەک مەرج داندراوە. ئەمیش ئەوەیە، ئەوەی ئێمە بە ئۆکراینای دەدەین تەنها بۆ ئەوەیە ئۆکراینا بەرگری پێ لە خۆی بکات و یەکپارچەیی و سەروەری خاکی خۆپی پێ بپارێزێت. ئەمە بۆ تانکەکانی ئابرامس چەکەکانی دیکە و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیش هەروایە".
هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا بە بڕیاری دابینکردنی ئەم جۆرە تانکانە نیشانی دا کە لەگەڵ هاوبەشەکانی پێکەوە لە بەرامبەر رووسیادان و جۆ بایدن-یش دوای گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەم بڕیارەی داوە و گوتی: "ئەم بڕیارە بەرهەمی هەوڵێکی دیپلۆماسیی سەرکەوتوو، سوودبەخش و بونیادنەرانەیە".