چین بە شێوەیەکی ناباوەڕانە پاک دەبێتەوە
پەیامی کورد ... چین یەكێكە لەو ووڵاتانەیە کە رێژەیەكی زۆری پیسبوونی هەوای تێدایە، بەڵام لەوكاتەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا لەو ووڵاتە بڵاوبوەتەوە و حكومەت ناچاربوو رێكاری جیاواز بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤیرووسەكە بگرێتە بەر ، رێژەی دەردانی گازە زیانبەخشەكان كەمیكردوە، چوونكە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل كەمتربۆتەوە و ناوەند و كارگە پیشەسازییەكانیش كەمتر كاردەكەن.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكا "ناسا" چەند وێنەیەكی بڵاوكردەوە، كە لەلایەن مانگە دەستكردەكانەوە گیراون و دەریدەخەن پیسبوونی هەوای چین بەشێوەیەكی بەرچاو و گەورە كەمیكردوە. ئەمەش بە هۆی ئەو رێكارانەی کە گیراونەتەبەر بۆ رێگری کردن لە بڵاو بوونەوەی زیاتری ئەو ڤیرووسە ، بۆتەهۆی پاكبوونەوەی هەوای ئەو ووڵاتە
ناسا هۆكاری كەمبوونەوەی ئاستی پیسبوونی هەوای چینی بۆ راگرتنی گەشت و هاتووچۆی نێوان شارەكان و هەروەها راگرتنی كاری كارگەكان گەڕاندۆتەوە.
بەپێی وێنەكانی ناسا، زۆرترین كەمبوونەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا لەسەر ئاسمانی شاری ڤۆهان زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت، كە ئەو شارە یەكەم شوێن بوو کە ڤیرووسەكەی تێدا بڵاوبۆوە.
توێژەرانی ناسا دەڵێن، ئەوە یەكەمجارە ئەو رێژەیە لە كەمبوونەوەی پیسبوونی هەوا لە ڕووبەرێكی دیاریكراودا ببینن.