نایجیریا؛ لە هێرشێکدا بۆ سەر کڵێسایەک لانی کەم ٥٠ کەس کوژراون
پەیامی کورد... نایجیریا؛ لە هێرشێکدا بۆ سەر کڵێسایەک لانی کەم ٥٠ کەس کوژراون
لانی کەم ٥٠ کەس لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر کڵێسایەک لە ویلایەتی ئۆندۆی باشووری ڕۆژئاوای نایجیریا، گیانیان لەدەستدا.
پزیشکێک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوای هێرشکردنە سەر کڵێسایەک لە ناوچەی ئۆ-ی سەر بە ویلایەتی ئۆندۆ لانی کەم تەرمی ٥٠ کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
پزیشکەکە ئاشکراشی کردووە، ڕووداوەکە ژمارەیەکی زۆر برینداریشی لێ کەوتووەتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی نایجیریا، محەممەد بوخاری سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و ڕایگەیاند: هەرچییەک ببێت هەرگیز ئەم وڵاتە ملکەچی خراپکاران و خیانەتکاران نابێت و بە هیچ شێوەیەک تاریکی بەسەر ڕووناکیدا سەرناکەوێت.
لای خۆیەوە ڕۆتیمی ئاکرێدۆڵو فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆندۆ، ڕوداوەکەی بە "هێرشێکی ڕسوا و شەیتانی" بۆ سەر کەسانی بێتاوان ناوبرد.
ڕۆتیمی ئاکرێدۆڵو ئاشکرایکرد، هێزی ئەمنی بۆ شوێنی ڕوداوەکە ڕەوانەکراون و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە ڕۆژنامە ناوخۆیەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە کاتی پەرستشدا هێرشیان کردووەتە سەر کڵێسایەکی کاسۆلیکی لە ناوچەی ئۆی سەر بە ویلایەتی ئۆندۆ.