TR KU SO
FB X
Cîhan

یۆنامی داوای هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی عێراق دەکات

Navas Jan
Admin
📅 29 Ağustos 2022 21:42

پەیامی کورد... یۆنامی داوای هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی عێراق دەکات

یۆنامی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات کار لەسەر هێورکردنەوەی بارگرژییەکان بکەن.

نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوا لە سەرجەم خۆپیشاندەران دەکات دەستبەجێ ناوچەی سەوزی بەغدا جێ بهێڵن، سەرجەم بینا حکومییەکان چۆڵ بکەن و ڕێگە بدەن حکومەت بەردەوام بێت لە بەرپرسیارێتییەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە خزمەت عێراقییەکاندا.

دەشڵێت، «پێشهاتەکانی ئەمڕۆ پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدارە. دەبێت دەزگاکانی دەوڵەت لە خزمەتی گەلی عێراقدا بن، لە هەموو بارودۆخێک و لە هەموو کاتێکدا».

یۆنامی داواش لە هەمووان دەکات بە ئاشتی بمێننەوە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هاوکاری بکەن، خۆیان لەو کردەوانە بەدووربگرن کە دەبنە هۆی زنجیرەیەک ڕووداوی کۆنترۆڵ نەکراو.

داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پەنا بۆ دیالۆگ ببەن وەک تاکە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. دووپاتیشی دەکاتەوە، «ناکرێت عێراقییەکان بە بارمتە بگیرێن بۆ دۆخێکی پێشبینینەکراو و ناجێگیر».

پەیامەکە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی لایەنگری ڕەوتی سەدر چوونە ناو بینا حکومییەکان لە بەغدا و هەندێک پارێزگای دیکە، دوای ئەوەی ئایەتوڵڵا کازم حائیری مەرجەعی ئاینیی سەدرییەکان وازهێنانی لە مەرجەعیت و، موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر وازهێنانی لە کاری سیاسی ڕاگەیاند.

Paylas: