TR KU SO
FB X
Cîhan

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی سزای سێدارە لە عێراق دەکات

Navas Jan
Admin
📅 18 Kasım 2020 17:42

پەیامی کورد ... نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی سزای سێدارە لە عێراق دەکات

 

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە حکومەتی عێراق کرد جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان رابگرێت.

 

ميشێل باشيليت کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بە نیگەرانییەوە هەواڵی لە سێدارەدانی ٢١ تاوانباریان لە عێراق پێگەیشتووە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.

 

باشیلیت داوای لە کاربەدەستانی عێراق کردووە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان رابگرن و رایگەیاندووە، "هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکەم لەبارەی چارەنووسی سەدان بەندکراو لە گرتووخانەکانی عێراقدا، کە مەترسی ئەوە هەیە سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت".

 

باشیلیت ئەوەشی خستووەتەڕوو، راپۆرت و هەڵسەنگاندنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری لە عێراق جەخت لە بوونی پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکان لە دادگاکان دەکاتەوە، بەجۆرێک بەندکراوەکان لەژێر ئەشکەنجەداناندا دان بە ئەنجامدانی تاواندا دەنێت و خراپ مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراواندا دەکرێت.

 

رۆژی دووشەممەی رابردوو، پۆلیسی پارێزگای زیقار رایگەیاند، سزای لەسێدارەدان بەسەر ٢١ تۆمەتباردا لە بەندیخانەی ناوەندی ناسڕییە جێبەجێ کراوە.

Paylas: