TR KU SO
FB X
Cîhan

نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆرۆنا گەشەی مرۆڤی ٥ ساڵ دوا خست

Navas Jan
Admin
📅 08 Eylül 2022 20:03

پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆرۆنا گەشەی مرۆڤی ٥ ساڵ دوا خست

ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاشکرای دەکات بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەروەها قەیرانە جیهانییەکانی دیکە گەشەی مرۆڤایەتی بۆ ئاستی ساڵی ٢٠١٦ گەڕاندووەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، پرۆگرامی پەرەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند بۆ یەکەم جار لە ماوەی ٣٠ ساڵی دامەزراندنییەوە سەبارەت بە بەرنامەی گەشەی مرۆیی، کە تایبەتە بە ماوەی ژیان لە وڵاتان و ستاندارد و بژێویی ژیان بۆ دوو ساڵ لەسەریەک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

هەروەها بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ٩٠٪ی وڵاتان لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، لە گەشەی مرۆیی دواکەوتوون و هۆشداریش دەدات کە ڕەنگە ئەو دواکەوتنە کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر ئایندەی زۆربەی وڵاتان هەبێت.

لەو بارەییەوە، ئایخام ستاینەر، بەڕێوەبەری گشتیی (UNDP)، دەڵێت: «ئەنجامەکانی ئەو ڕاپۆرتە پێمان دەڵێت، کە زووتر دەمرین و کەمتر فێر دەبین و داهاتیشمان کەم دەبێتەوە. بەگوێرەی ئەو داتا و پۆلێنکارییانەی لەبەردەستن، دەزانین کە بۆچی خەڵکێکی زۆر هەست بە نائومێدی و بێزاری لەبارەی داهاتوومانەوە دەکات».

ڕاپۆرتەکەی بەرنامەی پەرەپێدان کە بەناوی «کاتە نادیارەکان و ژیانە نائارامەکان» ئاشکرای دەکات، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەورەترین هۆکاری دواکەوتنی جیهانە، بەڵام ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات قەیرانەکانی دیکەی وەکوو قەیرانی سیاسی و ئابووری و گۆڕانی کەشوهەوا، دەرفەتی نەداوەتەوە بە جیهان، زیانی کۆرۆنا قەرەبوو بکاتەوە.

سەبارەت بەو دواکەوتنانە، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: «لە ڕابردوودا جیهان ڕووبەڕووی کارەسات بووەتەوە و ململانێ و ناکۆکی هەبوون، بەڵام ئەو شەپۆلە قەیرانانەی ئێستا ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە هۆکاری سەرەکین لە دواکەوتنی گەشەی مرۆڤ.»

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، وڵاتانی ئەفریقی وەکوو باشووری سوودان و نایجیر و چاد لە خراپترینی وڵاتانی جیهانن بۆ دواکەوتنی گەشەی مرۆیی و سویسرا و نەرویج و ئایسلاندیش لە باشترینی جیهانن.

 

Paylas: