نەتەوە یەکگرتووەکان: تا ئێستا نزیکەی ٨ هەزار هاووڵاتی لە شەڕی ڕووسیا- ئۆکراینا کوژراون
پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: تا ئێستا نزیکەی ٨ هەزار هاووڵاتی لە شەڕی ڕووسیا- ئۆکراینا کوژراون
نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینادا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری قەیرانی پەنابەرانی ئۆکراینای بڵاو کردەوە کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بەدەستی هێناوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ٩ی نیسان چوار ملیۆن و ٥٠٣ هەزار و ٩٥٤ پەنابەر لە ئۆکرایناوە ڕوویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.
ئەوەش ئاشکراکراوە، زۆرینەی ئۆکراینییەکان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێی وەکوو پۆڵەندا بە (دوو ملیۆن و ٥٩٣ هەزار و ٩٠٢) پەنابەر، ڕۆمانیا (٦٨٦ هەزار و ٢٣٢) پەنابەر، هەنگاریا (٤١٩ هەزار و ١٠١) پەنابەر، مۆڵدۆڤا (٤٠٤ هەزار و ٤١٨) پەنابەر، سلۆڤاکیا (٣١٤ هەزار و ٤٨٥) پەنابەر و بێلاڕووس (١٩ هەزار و ٩٦) پەنابەر، هاوکات لە ٢١-٢٣ی شوبات ١١٣ هەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسکەوە چوونەتە ناو خاکی ڕووسیا.
ئەوەش دەزانرێت کە سەدان هەزار لەو پەنابەرانەی لە ئۆکرایناوە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لەوێوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەورووپا ڕۆیشتوون.
لەلای خۆیەوە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی ڕاگەیاند کە حەوت ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەسی سڤیل لە ناوەوەی ئۆکراینا دەربەدەر بوون.
لە لایەکی دیکەوە لەو ڕاگەیەندراوەی کە لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ٩ی نیسان لانی کەم هەزار و ٧٩٣ کەسی مەدەنی بەهۆی شەڕی نێوان ڕووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٤٣٩ کەسی دیکەش برینداربوون.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان دەکرێت زۆر لەو ژمارانە بەرزتر بن کە تۆمار کراون.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراینا تەنیا ژمارەی ئەو قوربانییە مەدەنییانە ڕادەگەیەنێت کە دەتوانێت پشتڕاستیان بکاتەوە. بەپێی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئۆکراینا ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان زۆر لەو ژمارانە زیاترن.