کاندیدی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور وەکوو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرا
پەیامی کورد... کاندیدی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور وەکوو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرا
لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا کاندیدی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور یوون سوک ییۆل وەکوو سەرۆکی کۆریای باشوور هەڵبژێردرا، هاوکات کاندیدی حیزبی فەرمانڕەوای وڵاتەکە لی جەی میونگ دانی بە شکستی خۆیدا هێنا و پیرۆزبایی لە ڕکابەرەکەی کرد.
بەپێی زیاتر لەو لە سەدا ٩٥ دەنگەی کە جیا کراونەتەوە، یوون لە پێشەنگدا بووە، لەلای خۆیەوە لی لە بارەگای حیزبی دیموکراتی کۆریای باشوور بە ڕۆژنامەنووسانی وت ملکەچی ئەو ڕاستییەیە کە دەنگەکانی کەمتر بوون.
نزیکەی لە سەدا ٧٧ ی ئەو ٤٤ ملیۆن هاووڵاتییەی کۆریای باشوور کە دەتوانن دەنگ بدەن، بەرەو ناوەندەکانی دەنگدان ڕۆیشتن و دەنگیی خۆیاندا بۆ هەڵبژاردنی ڕابەرێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان، لە کاتێکدا پێگەی کۆریای باشوور لەسەر ئاستی جیهان بەرزتر بووەتەوە و هاوکات ڕووبەڕووی کۆریای باکووریش بووەتەوە.
براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا بکات کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە، لەوانەش خراپترین شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زیادبوونی نایەکسانی و زیادبوونی نرخەکانی خانوو، هاوکات لە لایەکی دیکەوە مامەڵەکردنی لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چیندا.
دەنگدەران دەیانەوێت سەرۆکی نوێی وڵاتەکە هەوڵی گفتوگۆکردن بدات بۆ نەهێشتنی ئارەزووەکانی کۆریای باکوور بۆ چەکی ناوەکی.
یوونی تەمەن ٦٠ ساڵی سەر بە حیزبی دەسەڵاتی گەلی کۆریای باشوور، بە جیاوازییەکی کەم سەرکەوت بەسەر لی جەی میونگی ڕکابەریدا کە سەر بە حیزبی دیموکراتی کۆریای باشوورە، لە سەدا ٤٨.٦ ی دەنگدەران لە بەرژەوەندی یوون دەنگیاندا، لەبەرامبەردا لە سەدا ٤٧.٨ ی دەنگدەران لە بەرژەوەندی لی دەنگیاندا.
یوون لە وتارێکدا وتی " بۆ ئێستا ڕکابەرێتییەکەمان تەواو بوو. دەبێت دەست بخەینە ناو دەستی یەکەوە و یەک بگرین و ببینە یەک گەل و یەک وڵات."
یوون لەگەڵ لایەنگرانیدا وتی ئەرکی سەرەکی وەکوو سەرۆک " یەکگرتوویی نیشتمانی " دەبێت، وتیشی سەرجەم هاووڵاتییان دەبێت بە یەکسانی سەیر بکرێن، بەبێ گوێدانە جیاوازییە ناوچەیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکان.