ئەنجومەنی ئاسایش لە سەر شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجا کۆ دەبێتەوە
پەیامی کورد ... ئەنجومەنی ئاسایش لە سەر شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجا کۆ دەبێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ئەیلوول، ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دۆخی ناگۆرنی قەرەباغ کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ساز دەکات.
بە مەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماتییەکان و دانانی سنورێک بۆ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، کە ماوەی دووڕۆژە جارێکی تر شەڕیان لەسەر هەرێمی ناگۆرنی قارەباغ هەڵگیرساندووەتەوە، ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی رەوشەکە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات.
بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا بڵاویکردووەتەوە، هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان لە میحوەری باشوری هەرێمی قەرەباخەو هێرشێکی فراوانیان دەستپێکردووە.
هەر لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکاندا، حکومەتی ئەرمینیا بڕیاریداوە قەدەغەی گەشت لەو کەسانە بکات کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ ساڵ بۆ ٥٥ ساڵیدایە.
ئەوەش لەکانێکدایە دوێنێ پەرلەمانی ئەرمینیا لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا داوای لە لاوانی وڵاتەکەی کرد، پەیوەندیی بکەن بە هێزە چەکدارەکانەوە و چەک هەڵبگرن، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئازەربایجان.
ئاماژەی بەوەشکرد ئەرمینیا زانیاری لەبەردەستدایە سەبارەت بەوەی تورکیا چەکداری بەکرێگیراوی لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناردووەتە ناوچەی جەنگەکە.
سەخترین و خوێناویترین شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ تاوەکو ١٩٩٤ روویدا، کە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس کوژران. لەو کاتەوە ناوبەناو ئاڵۆزی و شەڕ لە نێوانیاندا سەرهەڵدەداتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردان دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ، بەڵام تا ئێستا کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.