نووسەرانی جیهانی داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکەن
پەیامی کورد... نووسەرانی جیهانی داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکەن
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن دامەزراوەی (PEN) ی نێودەوڵەتییەوە بڵاوکرایەوە و زیاتر لە هەزار نووسەری جیهانی، کە چەند کەسیان خاوەن خەڵاتی نۆبڵن، واژۆیان کردووە، بە توندی ئیدانەی شەڕ و هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا کرا.
هەریەک لە مارگرێت ئاتود، پۆڵ ئۆستێر، سڤێتلانە ئەلیکیڤیچ، سەلمان ڕوشدی، ئەلیف شەفەق و چەندین نووسەری دیکەی جیهانی، لەو بەیاننامەیەدا ئیدانەی ڕووسیایان کرد و ڕایانگەیاند، «ئێمەی نووسەران لە سەرانسەری جیهانەوە، ترسا و و نیگەرانین لەو توندوتیژییەی هێزە ڕووسییەکان بەرامبەر ئۆکراینای دەکەن و داوا دەکەین دەستبەجێ خوێنڕشتن ڕابگیرێت».
نووسەران لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا نووسیویانە، «ئەورووپایەکی ئازاد و سەلامەت، بەبێ ئۆکراینایەکی ئازاد و سەربەخۆ بوونی نابێت».
ئەمە لە کاتێکدایە کە قەیرانی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و شەڕی هەر دوو وڵات بە تەواوەتی هەموو بوار و کایە جیهانییەکانی گرتووەتەوە و کاریگەریی لەسەر هونەر و ئەدەبیش داناوە.
لە پەیوەندییدا بەم باسەوە و لە ڕووداوێکدا، کە بە بۆچوونی زۆرێک لە چاودێرانی بواری کولتووری، بە نیشانەیەکی ترسناکی تێکچوونی بارودۆخە کولتوورییەکان بەهۆی جەنگەوە دادەنرێت، لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا پرۆفیسۆرێکی ئەدەبی ڕووسی، ڕێگەی پێ نەدرا وانەکانی خۆی لە بارەی ئەدیبێکی ڕووسییەوە بڵێتەوە.
پاولۆ نووری، پرۆفیسۆری ئەدەب لە زانکۆی بیکۆکای ئیتاڵی لە شاری میلانۆ، ئاشکرای کرد، نامەیەکی لە سەرۆکایەتیی زانکۆکەیەوە پێگەیشتووە، کە تێیدا داوای ڕاگرتنی زنجیرەیەک وانەگوتاری لێکراوە، کە بڕیار بووە ئەو پرۆفیسۆرە لە بارەی ئەدیبی بەناوبانگی ڕووسی، فیۆدۆر دۆستۆیڤێسکی-یەوە پێشکەشیان بکات.