نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە ١ی ٠٩ی ٢٠٢٠ بە هۆی بەردەوامی شکانی بەهای دۆلاری ئەمریکی، گەشبینی وەبەرهێنەران لەبارەی بووژانەوەی بازاڕەکانی ووزە و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو، نرخەکەی بەڕێژەی زیاتر لە١% بەرزبوەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت ٤٩ سەنت بەرزبوەوە، کە دەکاتە ١.١%ی نرخەکەی و لەدوایین مامەڵەدا بە ٤٥.٧٧ دۆلار فرۆشرا.
لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی ٣٧ سەنت بەرزبوەتەوە و لە دوایین مامەڵەدا بە ٤٢.٩٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، بەوەش نرخەکەی بەڕێژەی ٠.٩% بەرزبوەتەوە.
دوێنێ دووشەممە بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە جیهاندا، نەوتی خاوی برێنت و تێکساس بەڕێژەی ١% دابەزینان بەخۆوە بینی.
بەهۆی سیاسەتی بانکی یەدەگی حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا، لە ئێستادا بەهای دۆلار گەیشتوەتە نزمترین ئاست کە لەداوی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ تۆماریکردبێت، ئەوەش وای لە وەبەرهێنەران کردووە چیتر پشت بە کۆکردنەوەی ئەو دراوە نەبەست لە پاراستنی سامانەکانیان، هەر ئەو هۆکارەش وایکردووە نرخی نەوت بەرزبێتەوە.
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمبارەکانی ئەمریکا بە بڕی ٣.٦ ملیۆن بەرمیل لە هەفتەیەکدا، بەوهۆیەوە خواست لەسەر ئەو بەرهەمە زیادیکردوە.