ڤەنزوێلا باڵیۆزی ئەمریکا لە وڵاتەکەی دەردەکات
نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی وڵاتی ڤەنزوێلا 48 کاژێر مۆڵەتی دایە تۆد ڕۆبینسۆن باڵیۆزی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا، بۆ ئەوەی ڤەنزوێلا جێبهێڵێت.
نیکۆلاس مادورۆ لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بە هۆی ئەوەی پیلانگێڕیان دژی حکومەتی ڤەنزوێلا ئەنجامداوە، پێویستە لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا تۆد ڕۆبینسۆن و جێگرەکەی برایان نارانجۆ وڵاتی ڤەنزوێلا جێبهێڵن.
تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لە لایەن ئەمریکاوە دەربارەی ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ڤەنزوێلا بڵاونەکراوەتەوە.
شایانی باسە پێشتر مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ڤەنزوێلا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند “ئەمریکا ئیدانەی ئەو هەڵبژاردنە دەکات کە لە 20ی ئایار لە ڤەنزوێلا بەڕێوەچوو. ساختەکارییەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامدراوە. بەو پێیە هەڵبژاردنەکانی ڤەنزوێلا هێرشکردنە بۆ سەر دەستووری وڵات و سوکایەتی کردنە بە دیموکراسی.”
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 20ی ئایاری 2018 لە وڵاتی ڤەنزوێلا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، وە نیکۆلاس مادورۆ بە بەدەستهێنانی 68 لە سەدی دەنگەکان هەڵبژاردنەکانی بردەوە و توانی جارێکی تر دەسەڵاتی ڤەنزوێلا بگرێتەوە دەست.