وەزیری بەرگری ئەمریکا : هێزەکانمان لەگەڵ شەڕڤانانی کورد هاوئاهەنگی بەردەوام و بەهێزیان هەیە
پەیامی کورد ... وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند : هێزەكانی ووڵاتەكەی لە سووریا هاوئاهەنگی بەهێزیان لەگەڵ شەڕڤانە كوردەكاندا هەیە و بەردەوامی ئەركەكانیان لە سووریا گەرەنتی بەزاندنی كۆتایی رێكخراوی داعشە.
ئیسپەر لەدانیشتنێكی گوێگرتن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەربارەی بارودۆخی ئەمنی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ووتی "ستراتیژی ئەمریكا لەو ناوچانەدا ئەوەیە نەبنە پەناگەیەكی ئارام بۆ تیرۆریستان و هیچ هێزێكی دژی ئەمریكا كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە نەكات".
هەروەها جەختیكردەوە، ئەمریكا لەپاڵ هێزە هاوپەیمانەكانی لە سووریا و عیراق سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە بۆ رووخاندنی خەلافەتی داعش و پرۆسە سەركەوتوەكان بوونەهۆی لەناوبردنی ئەبووبەكر بەغدادی دامەزرێنەری رێكخراوەكە، هەروەها وەزارەتی بەرگری پابەندە بە كاركردنی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بۆئەوەی گەرەنتی ئەوە بكەن داعش توانای دووبارە هەستانەوەی نەبێت.
وەزیری بەرگری ئەمریكا باسی لەوەشكردوە، هێزەكانی ووڵاتەكەی تائێستا لە سووریادان و هاوئاهەنگی باڵا لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە"دا هەیە، سەرەڕای ئەوەی دەستوەردانی توركیا ئەو بابەتەی ئاڵۆز كرد، بەڵام پێنتاگۆن دڵنیایە لەوەی دەتوانن لە ئەركەكانیان بەردەوام بن.