وەزارەتی دادی ئەمریکا: ترەمپ ١٨٤ بەڵگەنامەی نهێنی لای خۆی ڕاگرتبوو
پەیامی کورد... وەزارەتی دادی ئەمریکا: ترەمپ ١٨٤ بەڵگەنامەی نهێنی لای خۆی ڕاگرتبوو
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ئاشکرای کرد کە لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترەمپ دەکات بەهۆی بردنی بەڵگەنامە لە کۆشکی سپی، چونکە وەزارەتەکە پێی وایە ترەمپ بە شێوەیەکی نایاسایی هەندێک بەڵگەنامەی هەستیاری بردووە کە زانیاری هەواڵگرییان لە خۆگرتووە.
وەزارەتەکە بەڵگەنامەیەکی یاسایی بڵاو کردەوە کە زۆرێک لە زانیارییەکانی داپۆشرابوون و ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی هێزی FBI لە ٨ی مانگی هەشتدا هەڵیکۆتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا.
کارمەندانی FBI دەستیان بەسەر ١١ جۆر بەڵگەنامەی نهێنیدا گرت لەنێویاندا هەندێکیان لەسەریان نووسرابوو "نهێنی باڵا" و ئەگەر ئاشکرا بکرێن، دەکرێت هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە دروست بکەن.
لە بەڵگەنامەکەدا، بریکارێکی نەناسراوی FBI ڕایگەیاندووە کە ئاژانسەکەی پێداچوونەوەی بە ١٨٤ بەڵگەنامەدا کردووە کە نیشانەی "نهێنی"یان لەسەر دراوە و زانیاری سەبارەت بە "بەرگری نیشتمانی" لە خۆدەگرن.
گەڕانەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی فیدراڵیدا بوو کە ئایا ترەمپ بە شێوەیەکی نایاسایی دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی بەڵگەنامەی نهێنی لەگەڵ خۆیدا بردووە یاخود نا، یان ئایا هەوڵیداوە ڕێگری لە لێکۆڵینەوەی یاسایی بکات.
ترەمپ، کە ئەندامێکی پارتی کۆمارییەکانە، بیر لەوە دەکاتەوە جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠٢٤ هەڵببژێرێتەوە.