وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بەیاننامەیەک لە دژی هەنگاوەکانی تورکیا بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بەیاننامەیەک لە دژی هەنگاوەکانی تورکیا بڵاو دەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، تورکیا بە بەردەوامی بڕیاری قەدەغەکردنی رەوانەکردنی چەک بۆ لیبیا پێشێل دەکات، ئەو کارەش بەربەستی بنەڕەتی لە بەرقەراربوونی ئاشتی لەو ووڵاتە درووستکردوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکوومەتی تورکیا کرد دەستوەردانەکانی لە شەڕو ململانێکانی لیبیا بوەستێنێت، هەروەها راشیگەیاند، پێشێلکردنی بریاری قەدەغەکردنی رەوانەکردنی چەک بۆ لیبیا بەربەستی بنەڕەتییە لە بەرقەراربوونی ئاشتی لەو ووڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەردوو لایەنەکەی لیبیا لە رێگەی دانووستانەوە چارەسەری کێشەی نێوانیان بکەن و دوپاتیشیکردەوە، "بەڕێگەی سەربازی ناتوانرێت چارەسەری قەیرانی لیبیا بکرێت".
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەوەشی خستەڕوو، دوژمنکارییەکانی ئەم دوایانەی هێزە دەریایەکانی لیبیا بەرامبەر هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) جێگەی قبوڵکردن نییە، پێویستە تورکیا دوژمنکارییەکانی بەرامبەر ناتۆ و دەستوەردانەکانی لەکاروباری لیبیا بە زووترین کات بوەستێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا رایگەیاند، پێویستە هاوپەیمانیەتی باکووری ئەتڵەسی بێ دەنگ نەبێت لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی ئەم دوایانەی تورکیا و سەری خۆیان لەژێر خۆڵدا نەشارنەوە، بەڵکوو دەبێت بەرەنگاری ئەو کێشانە بوەستێتەوە کە تورکیا دروستی دەکات و هەڵوێستی لەبارەوە وەربگرێت.