یونامی پاڵپشتی خۆی بۆ بەرگرییکردن لە ئازادی رادەڕبڕین لە عێراق راگەیاند
پەیامی کورد... یونامی پاڵپشتی خۆی بۆ بەرگرییکردن لە ئازادی رادەڕبڕین لە عێراق راگەیاند
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە رۆژی جیھانیی رۆژنامەگەرییدا رایگەیاند، کاتێک یاساکان بۆ بێدەنگکردن بەکاردەھێنرێن، ئەوا ئازادی رادەڕبڕین دەکەوێتە مەترسییەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی عێراقییەکان بۆ بەرگرییکردن لە ئازادی رادەڕبرین.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەبۆنەی رۆژی جیھانیی رۆژنامەگەرییەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئازادی رادەڕبرین، بنەمایەکی گرنگە لەسەرجەم کۆمەڵگا دیموکراتخوازەکان کە تیایدا میدیای ئازاد و سەربەخۆ کار دەکەن بۆ برەودان بە ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و بۆچوونەکان بەشێوەیەکی تەندروست کە ئەوەیش تەنھا ئاستی شەفافییەت بەرز ناکاتەوە، بەڵکو ئامرازێکی گرنگە بۆ ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتداران و سەرکردەکان کاتێک سیاسەتەکانیان کاریگەریی چاوەڕانکراویان نییە لە پێناو بەتواناکردنی دامودەزگاکان بۆ خۆگونجاندن و گەشەکردن.
راشیگەیاندووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەردەوامە لە بەدۆکیۆمێنتکردنی کەیسەکانی ھەڕەشەکردن، تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی دژ بەو کەسانەی کە لەسەر مافی ئازادی رادەڕبڕین کار دەکەن.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بێدەنگکردن و رێگریکردن لە گوتاری جەماوەریی دەبێتە مایەی شێواندنی دەوڵەت و لەدەستدانی متمانەی جەماوەر.
داوایشی کردووە کە یاساکان بۆ بێ دەنگکردن بەکارنەھێنرێن و رایگەیاندووە "کاتێک یاساکان بۆ بێدەنگکردن بەکار دەھێنرێن، ئازادی رادەڕبرین دەکەوێتە مەترسییەوە، ھەروەھا یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی بەردی بناغەی دیموکراسی لە کومەڵگادا، لاواز دەکات".
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی عێراقییەکان بۆ بەرگرییکردن لە ئازادی رادەڕبڕین و مافەکانیان.