TR KU SO
FB X
Cîhan

ڕوونترین و قووڵترین وێنەی گەردوون لە مێژوودا بڵاو کرایەوە

Navas Jan
Admin
📅 12 Temmuz 2022 16:08

پەیامی کورد... ڕوونترین و قووڵترین وێنەی گەردوون لە مێژوودا بڵاو کرایەوە

ناسا لە درەنگانی شەوی ڕابردوو بە کاتی هەرێم و ئێوارەی ڕابردوو بە کاتی ئەمریکا، لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبوونی جۆ بایدی سەرۆکی ئەمریکا، ڕوونترین و دوورتین و قووڵترین وێنەی گەردوونی بڵاو کردەوە.

وێنەکە بە تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانیی جەیمس وێب گیراوە کە بریتییە لە بلیۆنان گەلەستێرە لە سەرەتای تەمەنی گەردوون واتە دەوروبەری ١٣ ملیار ساڵ لەمەوبەر کە تەمەنی گەردوون ١٣ پۆینت ٨ ملیار ساڵە.

ئەو وێنەیەی ناسا بڵاوی کردووەتەوە یەکەم وێنەی ڕەنگاوڕەنگی دوورترین و قووڵترین بەشی گەردوونە بە دووری ١٣ ملیار ساڵی تیشکی (خێرایی تیشک ٢٩٩ ملیۆن و ٧٩٢ هەزار و ٤٥٨ کیلۆمەترە لە یەک چرکەدا).

وێنەکە دوای پرۆسەیەکی ئاڵۆزی شیکردنەوەی تیشکی ژێر سوور بە سیستەمێکی هەرە پێشکەوتوو لە پێکهاتەی تەکنۆلۆژی تێلێسکۆپی جەیمس وێب گیراوە و بیل نیلسن بەڕێوەبەری کارگێڕی ناسا لە کاتی پیشاندانیدا ڕوونیکردەوە، بریتییە لە بلیۆنان گەلەستێرە لە سەرەتای تەمەنی گەردوون واتە دەوروبەری ١٣ ملیار ساڵ لەمەوبەر. واتە ئەوە وێنەی گەلەستێرەکانە بەو شێوەی کە ١٣ ملیار ساڵ پێش ئێستا هەبوون.

ناسا ئەوەی خستووەتە ڕوو، وێنەکە دوای ئەوەی زووم دەکرێت واتە هەر پەلە ڕووناکییەکی ناو ئەم وێنەیە بەجیا گەورە دەکرێت، دەردەکەوێت کە لەم وێنەیەدا بلیۆنان گەلەستێرە هەیە کە هەر یەکێکیان بلیۆنان ئەستێرە و خۆرو تریلیۆنەها هەسارەی وەک زەوی تێدایە، ئەوانەی لە وێنەکەدا دەردەکەون بە کۆمەڵە گەلەستێرەی SMACS0723 ناونراون، کە بەو ژمارە گەورەیەوە و بە هەموویان شوێنێکی زۆر بچووک لە گەردوونی بینراودا داگیر دەکەن.

وەک لە ماڵپەڕی ناسا ئاماژەی پێکراوە، ئەگەر کەسێک دەنکە لمێک بەرەوڕووی ئاسمان ڕابگرێت، ئەو بەشە بچووکە لە ئاسمان کە دەکەوێتە پشت ئەو دەنکە لمە بلیۆنان گەلەستێرەی وەک ئەوانەی ناو وێنەکەی تێدایە، بەواتایەکی دیکە: (گەردوونی بینراو ئەو بەشە بچووکەی گەردوونە کە لە سەر زەوییەوە دیارە).

وێنەکە کە لەلایەن تەلەسکۆپی جەیمس وێبەوە گیراوە؛ یەکەم وێنەی جەیمس وێبە (James Webb) کە ١٠٠ جار لە تەلەسکۆپی بەناوبانگی هابڵ (Hubble) بەهێزترە.

جەیمس وێب لە ساڵی ١٩٩٦ەوە دەستکراوە بە دروستکردنی وە دوای ٢٥ ساڵ، لە کۆتایی ٢٠٢١دا هەڵدرا بەرەو بۆشای ئاسمان.

Paylas: