ڕووسیا: ئۆکراینا لە ناوەڕۆکی دانوستاندنەکانی تورکیا پاشگەز بووەتەوە
پەیامی کورد... ڕووسیا: ئۆکراینا لە ناوەڕۆکی دانوستاندنەکانی تورکیا پاشگەز بووەتەوە
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئۆکراینا لە ناوەڕۆکی دانوستاندنەکانی تورکیا پاشگەز بووەتەوە و ڕەشنووسێکی تری دانوستاندنی ئامادە کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، حکومەتی ئۆکراینای تۆمەتبار کرد بە کشانەوە لە بەندەکانی ڕەشنووسی دانوستاندنی ئیستەنبوڵ کە کۆتایی مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو.
لە دانوستاندنەکەی تورکیادا، ڕووسیا و ئۆکراینا ڕایانگەیاند کە گەیشتوون بە زۆر خاڵی هاوبەش، لەوانە دوورخستنەوەی هەرێمی کریمیا لە هەژموونی خۆرئاوا و کاروبارە ئەمنییەکانی، هەروەها دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە هەوڵەکانی بوون بە ئەندام لە ناتۆ.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی، بەهۆی ئەو خاڵانەوە ڕووسیا لە هەر دوو بەرەی شەڕی کیێڤ و چێرنیگۆڤ پێشڕەویی ڕاگرتووە و پرۆسە سەربازییەکەی خاو کردووەتەوە، بەڵام ئێستا ئۆکراینا باس لە ڕەشنووسێکی دانوستاندن دەکات کە جیاوازە لەوەی ئیستەنبوڵ و دەڵێت، ئۆکراینا دەتوانێت لە کریمیا مانۆڕ و مەشقی سەربازی بکات بەبێ ئەوەی باسی ناوی ڕووسیا و وەرگرتنی ڕەزامەندیی مۆسکۆ بکرێت.