پووتین: ڕۆژئاوا بە زۆر دەیەوێت ڕووسیا بباتە ناو جەنگەوە
پەیامی کورد... پووتین: ڕۆژئاوا بە زۆر دەیەوێت ڕووسیا بباتە ناو جەنگەوە
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژی سێشەممە 1ی شوباتی 2022، ڕۆژئاوا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە بە زۆر دەیەوێ بیباتە ناو جەنگەوە و گوێ بە نیگەرانییەکانی و ئاسایشی ڕووسیا نادات.
پاش نزیکەی شەش هەفتە لە تەنگوچەڵەمەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا، دوێنێ بۆ یەکەم جار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا، کە بەهۆی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بۆ ڕووسیا ڕێک خرابوو، ڤلادیمیر پووتین بە ڕاستەوخۆ لەبارەی کێشەکانی نێوان خۆیان و ڕۆژئاوا دوا.
لە بەشێکی گوتەکانیدا گوتی، "ئێستا ڕوونە... هەموو داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسی پشتگوێخراون"؛ ئەو لە بەردەوامیی قسەکانیدا ڕایگەیاند، "بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام لە ناتۆدا و پاشتریش بیر لە کۆنترۆڵکردنەوەی نیمچەدوورگەی کرێمیا دەکاتەوە، لەم کاتەدا ئێمە دەبیت بکەوینە شەڕەوە لەگەڵ ناتۆدا؟ کێ بیری لەوە کردووە؟ کەس."
لە درێژەی قسەکانیدا پووتین باسی لەوەش کرد، ئەمریکا بە هیچ جۆرێک خەمی ئاسایشی ئۆکراینای نییە، بەڵکوو ئەمریکا دەیەوێت ڕووسیا بگرێت؛ گوتیشی، بیانووەکانی ئەمریکا و یارمەتیدانیی هاوپەیمانەکانی، تەنیا بیانوویەکە بۆ پاوانخوازیی لە ڕووسیادا.