پوتین هەڕەشە لە بەکارهێنانی بۆمبە مەترسیدارەکە دەکات
پەیامی کورد...پوتین هەڕەشە لە بەکارهێنانی بۆمبە مەترسیدارەکە دەکات
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکە کۆگایەکی تەواو بۆمبی کلاستەری هەیە و مافی خۆیەتی بەکاریبهێنێت ئەگەر تەقەمەنی هاوشێوە لەدژی هێزەکانی ڕوسیا لە ئۆکرانیا بەکاربهێنرێت.
ڤلادیمێر پوتین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی کە بەشێکی ئەمرۆ (یەکشەممە بڵاوکرایەوە، وتی، "بێگومان ئەگەر بۆمبی کلاستەر لەدژی ئێمە بەکاربهێنرێت مافی بەرپەرچدانەوەمان هەیە".
ئۆکرانیا بۆمبی کلاستەری لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە، کە لە زیاتر لە 100 وڵاتدا قەدەغەکراون، کیێڤ بەڵێنیداوە کە تەنها بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی دوژمن بەکاریدەهێنێت.
پێنجشەممەی ڕابردوو، وتەبێژی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی تەقەمەنی کلاستەری وەرگرتووە، ئەوەش کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو جۆرە تەقەمەنییە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دەنێرێت.
ڤالێری شێرشین، فەرماندەی ناوچەی سەربازی تاڤریا لە باشوری ئۆکرانیا ڕاپۆرتێکی تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی پشتڕاستکردەوە، کە تێیدا هاتوە ئۆکرانیا تەقەمەنی کلاستەری وەرگرتوە، بەڵام هێشتا بەکاری نەهێناوە.
ئەو فەرماندەیە بە تەلەفزیۆنی ئۆکرانیای ڕاگەیاندووە، ئەو تەقەمەنییە کلاستەرانە "لەدەستی هێزەکانی بەرگریماندایە"، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستەڕوو.