ئەگەری مەترسی لە چێرنۆبڵ نزیکە
پەیامی کورد... ئەگەری مەترسی لە چێرنۆبڵ نزیکە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئەو سیستەمەی تایبەت بوو بە کاری چاودێریکردنی لەدوورەوەی ماددە ئەتۆمییەکانی چێرنۆبڵ، وەستاوە لە ناردنی زانیارییەکان، ئەوەش نیگەرانیی دروست کردووە.
وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ، وێستگەیەکی نزیک لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینایە، کە لە ساڵی ١٩٨٦دا خراپترین ڕووداوی ئەتۆمیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تێدا ڕوویدا، هەر لە یەکەم ڕۆژی هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا، ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزە ڕووسییەکانەوە کۆنترۆڵ کرا.
ڕافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، «ناردنی داتا و زانیارییەکان لەلایەن ئەو سیستەمەی کە لە دوورەوە چاودێریی پارێزراوی و «گەرەنتی» ی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵمان پێدەکرد، وەستاوە لە کارکردن».
«گرەنتی» زاراوەیەکە ئاژانسی وزەی ئەتۆم بەکاریدەهێنێت بۆ ئەو تەکنیکەی بە کاری دەهێنن بۆ ماددە و چالاکییە ئەتۆمییەکان، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر بڵاوبوونەوەیەکی چەکی ئەتۆمی لەڕێگەی ئاشکراکردنی خێرا و بەپەلەی هەر بەکارهێنانێکی خراپ، یان هەڵە.
تا ئێستا ٢٠٠ کەس لە کەسانی هونەری و پاسەوانەکان لە وێستگەی چێرنۆبڵ ماونەتەوە، لە ماوەی ١٣ ڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ڕووسیاوە کار دەکەن.
لەوبارەیەوە ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوای لە ڕووسیا کرد ڕێگەبدات بە کارمەندانی ئەو وێستگەیە ئاڵوگۆڕی کاتی کارەکانیان بکەن لەگەڵ هاوکارەکانی دیکەیان، هەروەها کاتی کار و پشوویان هەبێت، ئەمەشی وەک مەرجێک بۆ سەلامەتی و پارێزراویی وێستگەکە داناوە.
گرۆسی هۆشداریشیدا لەوەی دۆخی کارمەندانی وێستگەکە سەخت و ماندووکەرە، بۆیە ئەگەری دروستکردنی مەترسی لەلایەن وێستگە ئەتۆمییەکەوە ئەگەرێکی نزیکە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، ناردنی داتا و زانیارییەکان بۆ یەکەی چاودێریکردن لە ئۆکراینا لە وێستگەکەوە پچڕاوە، تەنیا لەڕێگەی پۆستەوە دەتوانن پەیوەندییان بە وێستگەکەوە هەبێت، بۆیە داوای سەردانکردنی ئەو وێستگەیە یان هەر ناوچەیەکی دیکەی کرد لە وێستگە کارەباییەکانی ئۆکراینا کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکەن، بەمەبەستی دڵنیابوونەوەی هەموو لایەک لە سەلامەتی و پارێزراوی.
ڕۆژی هەینیش سوپای ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی وێستگەی زاپۆرژیای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینایان کرد، کیێڤ ڕووسیای بە بۆدرومانکردنی وێستگەکە و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر لەو وێستگەیە تۆمەتبار کرد.