ئۆکراینا : لە هێرشی پێچەوانەدا حەوت گوندی کۆنترۆڵکردەوە
پەیامی کورد... ئۆکراینا : لە هێرشی پێچەوانەدا حەوت گوندی کۆنترۆڵکردەوە
بەرپرسانی کێیڤ رایانگەیاند هێزەکانی ئۆکراینا حەوت گوندیان لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووەتەوە؛ سەرۆکی وڵاتەکەش دەڵێت: "هێزەکانی ئۆکراینا لە بەرەوپێشچوون، بەردەوامن".
گانا مالیار، جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023 لە پلاتفۆرمی تێلیگرام، رایگەیاند، "حەوت گوندی ئۆکراینی ئازادکراون"، وتیشی: "ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵکراونەتەوە، 90 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبن".
بە وتەی جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، هێزەکانیان بەدرێژایی 250 تاوەکو 700 کیلۆ مەتر بەرەو ئاراستەی شارۆچکەی باخمووت پێشڕەوییان کردووە.
هاوکات، ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد جەنگەکە "سەختە" بەڵام هێزەکانی ئۆکراینا لەبەرەوپێشچوون بەردەوامن.
ئەو پێشڤەچوونەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە 10ـی حوزەیرانی 2023، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینا، لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە کێیڤ رایگەیاند: "هێرشی پێچەوانەمان دەستپێکردووە... ئێمە متمانەمان بە سوپای ئۆکراینا هەیە".
یەک رۆژ پێش وتەکەی سەرۆکی ئۆکراینا، سەرۆکی رووسیا لە هاوینەهەوارەکەیدا لە سۆچی و لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا بێلاڕووسییەکەی؛ باسی لە شکستی هێرشەکەی ئۆکراینا کردبوو .
هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا، ناوچەکانی رۆژئاوای دۆنباس و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە دیوی خێرسۆن دەگرێتەوە؛ سوپای رووسیا زیاتر لە ساڵێکە گەیشتووەتە ئەو ناوچەیە، بەجۆرێك تەواوی هەرێمی لۆهانسکی کۆنترۆڵکردووە، نزیکەی 60٪ـی دۆنێتسکی لەژێر دەستدایە.
ناوچەی خیرسۆن لە دیوی رۆژهەڵاتی رووباری دینیپرۆ پڕ لە هێزی رووسی و هێزە هاوپەیمانەکانییەتی؛ نیمچەدوورگەی کریمیاش 9 ساڵە لە لایەن رووسیاوە بەڕێوەدەبرێت.