ئێران چەند پشکنەرێکی دەزگای نێودەوڵەتی ئەتۆمی لە وڵاتەکەی دەرکرد
پەیامی کورد...ئێران چەند پشکنەرێکی دەزگای نێودەوڵەتی ئەتۆمی لە وڵاتەکەی دەرکرد
ئێران یەک لەسەر سێی پشکنەرانی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوور خستەوە و دەزگاکەش بە توندی سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی ئێرانی کرد و رایگەیاند؛ دەرکردنی ئەو پشکنەرانە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەگەیەنێت.
رۆژی شەممە، دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند؛ دەرکردنی یەک لەسەر سێی پشکنەرانی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ئێران رێگری لە تواناکانی دەزگاکە دەکات بۆ چاودێری کردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
هاوکات ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی دەزگاکە باسی لەوەکرد؛ وڵاتی ئێران لە دەرکردنی ئەو پشکنەرانە ئاگادار کراوەتەوە، چونکە ئەو پشکنەرانە لە بە ئەزموونترین پشکنەرانی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدان و زانیاری بێهاوتایان هەیە لە بواری تەکنەلۆژیا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕیارەی ئێران دژی هاوکاریەکانی نێوان دەزگاکە و ئەو وڵاتە دەبێت و زیانێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەگەیەنێت بۆیە پێویستە حکومەتی ئێران بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و بگەڕێتەوە سەر کارکردن لەگەڵ ئەو دەزگایە.