ئێران/ پیاوێک لە خۆشیی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکەی مرد
پەیامی کورد... ئێران/ پیاوێک لە خۆشیی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکەی مرد
پیاوێکی ئێرانی دوای ١٨ ساڵ مانەوە لە زیندان و چاوەڕوانیی سەپاندنی بڕیاری لەسێدارەدان بەسەریدا، ئازاد کرا، بەڵام لە خۆشیدا گیانی لە دەستدا.
ڕۆژنامەی «هەمشەهری» ی ئێرانی چیرۆکەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پیاوێک کە ناوی «ئەکبەر» بووە و خەڵکی شاری بەندەر عەباس-ی باشووری ئێران بووە، ساڵی ٢٠٠٤ «تاوانی کوشتن» ی ئەنجام داوە.
بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەو پیاوە کاتێک تاوانەکەی کردووە تەمەنی ٣٧ ساڵ بووە و بە درێژایی ١٨ ساڵی مانەوەی لە زینداندا، هەمیشە ترسی هەبووە لەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت و لە سێدارەی بدەن.
لە وردەکاریی چیرۆکەکەدا هاتووە، دوای هەوڵەکانی بەرپرسانی ئەنجوومەنی چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشەکان لە بەندەر عەباس، توانراوە کەسوکاری قوربانییەکە قایلبکرێن بەوەی لە بکوژەکە خۆش ببن.
ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، کاتێک «ئەکبەر» لە دادگا گوێبیستی وتەی دایک و باوکی قوربانییەکە بووە کە لێی خۆشبوون، خۆشییەکی زۆر هەستی تەنیوە و بە هۆییەوە جەڵتە لێی داوە، دواتر گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و گیانی لەدەست داوە