سڕینەوەی چوار سفر لە دراوی ئێران هەڵمەتێکی نمایشییە
پەیامی کورد ... سڕینەوەی چوار سفر لە دراوی ئێران هەڵمەتێکی نمایشییە
پەسەندکردنی گەڵالەی سڕینەوەی چوار سفر لە دراوی ئێران و گۆڕینی یەکەی ڕیاڵ بۆ تمەن لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە، لەلایەن شارەزایانی ئابوورییەوە بە هەوڵێکی نەمایشی وەسف کراوە و تەنیا تێچووەکان زیادتر دەکات.
بە پێی هەواڵەکان دوای ئەوەی کە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرلەمان ڕۆژی دووشەممە ٤ی مەی، ڕەشنووسی چاکسازی یاسای دراو و بانکی ئێرانیان بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد، لەلایەن شارەزایانی ئابوورییەوە کاردانەوەی لێکەوەتەوە.
بەپێی ئەو ڕەشنووسه، یەکەی دراوی ئێران لە ڕیاڵەوە دەگۆڕدرێت بۆ تمەن و چوار سفر لە دراوی ئەو ووڵاتە دەسڕدرێنەوە.
''ئێحسان سۆڵتانی''، لێکۆڵەری ئابووری، باسی لەوە کردووە، لە دۆخی نالەباری ئابووری ئێستای ئێران ، ڕاوەستانی کار و کاسبییەکان، ڕانتخۆری و ئەو کەلێنانەی کە لە بازاڕی بۆرسەی ئێران هاتووەتە ئاراوە ، پەسەندکردنی ٤ سفر لە دراوی ئێران هەوڵێکی نمایشی بووە تاکوو تا ڕادەیەک بیسەلمێنن کە بێکار دانەنیشتوون و لە حاڵی چارەسەرکردنی دۆخی ئابووری ئێرانن.
ناوبراو وتوویەتی، کاتێک کە هەڵاوسان لە حاڵی کۆنترۆڵکردندا بوو دەبا ئەم گەڵاڵەیە کاری لەسەر بکرابا ، نەک لە ئێستادا کە هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە.
بە ووتەی ناوبراو، ئەم گەڵالەیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ئابووری تەنیا تێچووەکان زیاتر دەکات.