ئیسپانیا: ریفراندۆمی کوردستان و کەتەلۆنیا زۆر لە یەکدی جوودان
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا دەڵێت ریفراندۆمی کوردستان و کەتەلۆنیا زۆر لە یەکدی جوودان
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا (ئەلفونسۆ دەستیس) لە دیداریدا لەگەڵ فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیهان دەڵێ، ئێستا ئەوان لەوە گەیشتوون کە ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیا زۆر لەیەکدی جوودان.
لە دیدارەکەیاندا بەشێک تایبەت بوو لەسەر رەوشی کوردستان و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، فەلاح حەسەن کە لاوێکی کوردە و پۆستی جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیھانی ھەیە، دەڵێت بۆ کوردستان و دۆستایەتییەکانی لەدەرەوە زۆر زەروورە ئاگاداری حکوومەتی ئیسپانیا و گەلی ئیسپانیا بکرێتەوە کە ئێمە و کەتەلۆنییەکان وەکو یەک نین و بارودۆخ و سیاسەتمان جیاوازە.
ئەو گەنجە کوردە بە وەزیری دەرەوەی ئیسپانیای گوتووە ئەگەر مەدرید پایتەختی عیڕاق بووایە و وەکو حکوومەتەکانی بەغدا کیمیاباران و زیندەبەچاڵی گەلی کوردستانی نەکردبایە ھەرگیز گەلی کورد بیری لەسەربەخۆیی نەدەکردەوە، بەڵام بەغدا بە گەندەڵترین و ترسناکترین پایتەختی جیھان ناسراوە و ئێمە لامان سەیرە کە ریفراندۆمی کەتەلۆنییەکان بە ریفراندۆمی کوردستانیش بەراوردبکرێت.
لای خۆیەوە (ئەلفونسۆ دەستیس) وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا سوپاسی ئەو گەنجە کوردەی کرد و دەستخۆشی لێکرد بۆ زانینی راستییەکان، پاشان باسی قارەمانیەتی گەلی کوردستانی کرد لەشەڕی دژی داعش و ئیشارەتی کۆتا قسەکانیشی بەوەدا کە ئێستا ئەوان لەوە گەیشتوون کە ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیا زۆر لەیەکتر جیاوازن.