سەرۆکی فینلاند: بەبێ سوێد نابینە ئەندام لە ناتۆ
پەیامی کورد... سەرۆکی فینلاند: بەبێ سوێد نابینە ئەندام لە ناتۆ
سەرۆکی فینلاند ڕایگەیاند، وڵاتەکەیان ڕەتی دەکاتەوە ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، ئەگەر داواکارییەکەی سوێد بۆ ئەندامیەتی لەو هاوپەیمانییە ڕەت بکرێتەوە یان جێبەجێ نەکرێت، چونکە هەر دوو وڵات بڕیاریان داوە لەم بابەتەدا تا کۆتایی هاوهەڵوێست بن.
ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ ینس ستۆڵتنبەرگ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئاماژەی بەوەشکرد، فینلاند ڕەتی دەکاتەوە بەبێ سوێد ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ.
ئەوەشی خستووتە ڕوو، دۆسیەی سوێد دۆسیەی فینلاندیشە، ئەوەش مانای وایە هەر دوو وڵات بە هاوبەشی لەسەر ئەم بابەتە دەچنە پێشەوە و بەبێ یەکتری هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن.
ئەوەش لە کاتێکدایە 8ی ئەم مانگە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هاوپەیمانی ناتۆ دامەزراوەیەکی ئەمنییە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ئەندام نەک هاوپەیمانییەک بۆ «پاڵپشتی تیرۆر»، بۆیە نایەوێت هەمان هەڵەی فەرەنسا و یۆنان دووبارە بکاتەوە و لەم کاتەدا ڕێگە بە فراوانبوونی زیاتری ناتۆ نادات.
تورکیا داوای لە سوێد و فینلاند کردووە پشتیوانی بۆ گرووپ و ڕێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکە بوەستێنن، گەمارۆی سەر کەرتی پیشەسازی سەربازی تورکیا هەڵبگرن و ئەو سیاسییانەش بگەڕێننەوە کە تورکیا داوایان دەکات.
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو سوێد و فینلاند داواکارییان بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ بەرز کردەوە، داواکارییەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، بەڵام تورکیا لە دژی بڕیاری بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە وەستایەوە، ئەوەش وایکرد ناتۆ نەتوانێت دەست بە ڕێکارە پێویستەکان بکات.