سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ڤاتیكان تاوتوێی بارودۆخی ههرێمی كوردستان و عێراق
پەیامی کورد... سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ڤاتیكان تاوتوێی بارودۆخی ههرێمی كوردستان و عێراق
سهرۆك بارزانی، پێشوازی له باڵویزی ڤاتیكان دهكات و لای خۆیهوه نوێنهری ڤاتیكان به توندی ئیدانهی هێش و پهلامارهكانی ئێرانی بۆ سهر خاكی ههرێمی كوردستانی ئیدانه كرد.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 29ی9ی 2022، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە میتجا لێسكۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق بە ناوی دەوڵەتی ڤاتیكانەوە بە توندی ئیدانەی هێرش و پەلامارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كرد و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بۆ قوربانیانی ئەو پەلامار و بۆردومانانە.
باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق پێزانینی بۆ پێگە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە خەباتی گەلی كوردستان و بەرقەراركردنی ئاشتیدا هەبوو و هەروەها وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ كولتووری پێكەوەژیانی گەلی كوردستان، سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە لە ڕۆژە سەختەكاندا باوەشیان بۆ سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێكهاتە جیاجیاكان و بە تایبەت كریستیانەكان كردۆتەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی هێمای بە قووڵایی فەرهەنگی پێكەوەژیان لەناو گەلی كوردستان دا و جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان لە برەودانی ئەو فەرهەنگە بەردەوام دەبێت و ئەگەر چەند دەنگێكی نەوازەش بۆ دژایەتی پێكەوەژیان هەبێت بەلای گەلی كوردستانەوە ئەو دەنگانە پەسەند نین.
لە درێژەی دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پێویستە كێشەكانی عێراق لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دەستوور چارەسەر بكرێت.
لە كۆتایی ئەو دیدارەدا باڵیۆزی ڤاتیكان سوپاسی گەلی كوردستان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازی و میوانداریی قەداسەتی پاپا و هەر بەو بۆنەیەوە دیارییەكی تایبەتی پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد.