Cîhan
سەرکردەیەکی داعش لە عێراق کوژرا
پەیامی کورد... سەرکردەیەکی داعش لە عێراق کوژرا
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا ئەمڕۆ والیی داعش لە پارێزگای ئەنبار و یەکێک لە هاوکارەکانی لە بیابانەکانی ڕوتبە کوژراون.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پاش بەدواداچوونی ورد لەلایەن دەزگای هەواڵگری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، فڕۆکە جەنگییەکان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکیان کردووە لە بیابانەکانی قەزای ڕوتبە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، والیی ئەنباری داعش بەناوی (موسەننا خزر کامل) کە بە «ئەبوو مەلوکە» ناسرابوو لەگەڵ یەکێک لە یاریدەدەرەکانی لە بۆردوومانەکەدا کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامی دەدەن بە هەوڵەکانیان بۆ بنبڕکردنی تیرۆریستانی داعش و ڕێگریکردن لە هەر کردەوەیەکی تیرۆریستی.