سەرکردەیەکی فەتح لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا و ٣٠ فەلەستینیش برینداربوون
پەیامی کورد... سەرکردەیەکی فەتح لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا و ٣٠ فەلەستینیش برینداربوون
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاو یان کردەوە، ئیبراهیم نابلسی فەرماندە لە ” کەتائیب شوهەدا ئەقسا”ی سەر بە بزووتنەوەی فەتح، لە هێرشێکی سەربازیدا لە نابلس کوژراوە.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوت-ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ گەمارۆی ماڵی ئیبراهیم نابلسییان داوە لە شاری نابلس و لە ئەنجامدا کوژراوە.
ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شاری نابلس پێکدادانێکی سەربازیی لەنێوان سەربازانی ئیسرائیلی و چەکدارانی فەلەستینی بەخۆوەبینی، ئەویش لەمیانی گەمارۆدانی ماڵی یەکێک لە داواکراوەکاندا لەو ناوچەیە.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەلەستینی “وەفا” ئاشکرای کرد، بەیانیی ئەمڕۆ ٣٠ فەلەستینی بە تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی ئیسرائیل برینداربوون و چوار لەوانە برینەکانیان سەختە.
ئەو پێکدادانانە لە کاتێکدایە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی فەلەستینی ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامبوو، دواتر بە نێوانگیریی میسر ئاگربەست لەنێوانیاندا ڕاگەیەندرا.