سکرتێری ناتۆ: لە ئۆکراینا تاوانی جەنگ دەبینین
پەیامی کورد... سکرتێری ناتۆ: لە ئۆکراینا تاوانی جەنگ دەبینین
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ ڕایگەیاند، "لە ئۆکراینا هێرش لە دژی خەڵکی مەدەنی دەبینین و ئەمەش تاوانی جەنگە".
یەنس ستۆلتنبێرگ لە میانی وتارێکیدا لە کۆنفرانسی ئاسایش و بەرگریی ئۆتاوا، ڕووسیای بە ڕێگرتن لە ئاشتیی ئەورووپا تۆمەتبارکرد.
ستۆلتنبێرگ ئاشکرایکرد، شەڕی سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین بۆ سەر ئۆکراینا یاسای نێودەوڵەتیی و ئاشتی و ئاسایش کە سیستەمی نێودەوڵەتیی فەراهەمی کردووە، پێشێلکردووە و ڕووی قسەکانی کردە پووتین و وتی، "ئەو شەڕە ڕابگرە، سەربازەکانت بکشێنەوە و بگەڕێوە بۆ دیپلۆماسییەت".
هەروەها وتی، "لە ئۆکراینا هێرش لە دژی خەڵکی مەدەنی دەبینین و ئەمەش تاوانی جەنگە"، سکرتێری گشتیی ناتۆ هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن پووتین بە "کەمتەرخەمی و مەترسیدار" ناوبرد و باسی لەوە کرد تا ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور چەکی ئەتۆمییان هەبێت ناتۆ بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی لە دەستیدا دەبێت.
دووپاتیشیکردەوە کە ناتۆ، ناتوانێت داواکاریی ئۆکراینا بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین جێبەجێبکات و وتی، "بە جێبەجێکردنی ناوچەی دژەفڕین دەبێت هێرش بکرێتە سەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا، ئەمەش پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ناتۆ و ڕووسیا دروست دەکات، پەرە بە شەڕی ئۆکراینا دەدات و دەبێتە هۆکاری دروستبوونی شەڕێکی تەواو لە نێوان ناتۆ و ڕووسیا لە ئەورووپا".