سعوودیە: پاڵپشتی لەهێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا دەکەین
سعوودیە پاڵپشتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکات کە هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا دژ بە ئامانجە سەربازییەکانی رژێمی ئەسەد لە سووریا ئەنجامی دەدەن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵو-ی تورکی کە لەزاری ئاژانسی فەرمی سعوودیە وەریگرتووە، سعوودیە پاڵپشتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکات کە هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا دژ بە ئامانجە سەربازییەکانی رژێمی ئەسەد لە سووریا ئەنجامی دەدەن.
هاوکات سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە کە هێرشەکان لە وەڵامی بەردەوامی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراو لە لایەن رژێمی سووریاوە دژ بە هاووڵاتیانی سڤیلی وڵاتەکەی لە ژن و منداڵ و بەردەوامی تاوانەکانی کە ماوەی چەندین ساڵە دژ بە گەلی سووریا ئەنجامیان دەدات، هاتووە و بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی سەر سووریای خستووەتە ئەستۆی رژێمی بەشار ئەسەد.
لەلایەکی دیکەوە بەیانی ئەمرۆ شەممە، هەریەک لە واشنتۆن، لەندەن و پاریس ئەنجامدانی هێرشیان بۆسەر ئامانجەکانی سەر بە رژێمی ئەسەد لە سووریا ڕاگەیاند و هێرشەکەی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا لە وەڵامی هێرشی رژێمی ئەسەددا هات کە شەممەی ڕابردوو بە چەکی کیمیایی بۆ سەر شارۆچکەی دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی گەمارۆدراو ئەنجامیدا و بەهۆیەوە ٧٨ کەس کوژران.