شەڕە قسە لە نێوان فەرماندەی سوپای پاسداران و سەرۆککۆماری ئێران بەردەوامە !!!
پەیامی کورد ... فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە، کە تەقاندنەوەی جادە و ڕێگائاسنییەکانیان قازانجی هەبووە.
محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسداران، لە کاردانەوە بە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاندووە: کە تەقاندنەوەی ڕێگائاسنییەکان و جادەکان بۆ پێشگرتن لە لافاو بەقازانج بووە.
ناوبراو ڕوو لە سەرۆککۆماری ئێران، بەبێ ئەوەی کە ناوی ببات وتبووی: "هیوادارین بەو تەقینەوانەی کە ڕوو دەدەن، ئیتر تۆمەتی ئەوە لە ئێمە نەدەن کە ئاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازینەوە؛ چوونکە ئەمە خاڵێکە کە دەبێت ئاوی لێ بڕاوتە دەرەوە".
حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، دەربارەی هەوڵەکانی سوپا بۆ پێشگرتن لە زیاتربوونی خەسارەتەکان لێدوانی داوە و بە کارگەلێکی بێسوود ناوزەدی کردوون و وتوویەتی: "بۆم جێگای پرسیار بووە، کە بۆچی ئاو لە ئاققۆلا و گۆمیشانەوە دەرناچێت. جادە و ڕێگائاسنییەکانیان تێک داوە؛ ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە، ئاو لە ئاراستەیەکەوە بۆ ئاراستەیەکی دیکە چووە. بەم کارە لافاو لە ئاققۆلاوە بۆ گۆمیشان ڕۆیشتووە".
ئەم شەڕە قسانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتێکدایە، لافاو زۆربەی شار و پارێزگاکانی کوردستانی گرتووەتەوە و هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی لافاولێدراو هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە دۆخەکەیان بۆ خەڵک بە تەقاندنەوەی ڕێگا و شوێنەکان دژوارتر کردووە.