شەڕی سوودان دوو مانگی تێپەراند
پەیامی کورد... شەڕی سوودان دوو مانگی تێپەراند
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەستپێکردنی، ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سودان بەردەوامە و لە نوێترین پێشهاتیشدا بەهۆی بۆردومانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە خەرتومی پایتەختی ئەو وڵاتە 12 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ شەممە 17-6-2023، شەڕی سودان پێ دەنێتە 62ـهەمین ڕۆژ لە دەستپێکردنی،تائێستاش بۆردومانکردنی کۆمەڵگە و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییان لە خەرتومی پایتەخت بەردەوامە و بەهۆی بۆردومانەکانی دوێنێشەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا کە 4ـیان برا بوون.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، لە سێ هەفتەی ڕابردودا بەهۆی زۆربوونی بۆردومانەکەوە هاوڵاتییانی خەرتوم زیانی گیانی و مادیی زۆریان بەرکەوتووە و بەشێکیشیان ڕویان لە دەرەوەی وڵات و شارەکانی دیکەی سودان کردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردودا 128 کەس بەهۆی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سودانەوە گیانیان لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی 15ـی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سودان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا، ناکۆکییەکان بەهۆی چاکسازیی سەربازیی کە داوا دەکات هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزێکی نیمچەسەربازییە بخرێتە سەر سوپای سودان، بە جۆرێک تەشەنەیان سەند گەیشتە ئەوەی هێز بەرامبەر یەکتر بەکار بهێنن.