TR KU SO
FB X
Cîhan

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: قەرزی حکوومەتی ئێران سێ هێندەی بودجەکەیەتی

Navas Jan
Admin
📅 14 Ekim 2023 17:10

پەیامی کورد... سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: قەرزی حکوومەتی ئێران سێ هێندەی بودجەکەیەتی


سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بڵاوی کردەوە قەرزی حکوومەتی ئێران لەمساڵدا دەگاتە سێ هێندەی قەبارەی بودجەکەی و یەک لەسەر سێی کۆی قەبارەی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی.

سندووقەکە ئاماژەی داوە قەرزەکانی حکوومەتی ئیبراهیم رەئیسی 3.6%ی کۆی قەبارەی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە.

دامەزراوەکە ئاماژەی داوە قەبارەی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئێران لەمساڵدا دەگاتە 366 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار لەکاتێکدا قەرزەکانی حکوومەت سەرووی 112 ملیار دۆلارە و ئەمەش هاوتایە لەگەڵ سێ ساڵ بودجەی حکوومەتی ئێران.

سندووقی نێودەولەتیی دراو پێشبینی کردووە لە ساڵی داهاتوودا قەرزەکانی حکوومەتی ئێران شەش ملیار دۆلاری تر زیاد بکات و بەمەش دۆخی ئابووری ئێران زۆر خراپتر دەبێت.

دیار نییە حکوومەتی رەئیسی بەو قەبارە زۆرە قەرزەی خستوویەتە سەر شانی حکوومەت بە چ پلانێک و بە چ سەرچاوەیەکی دارایی دەیەوێت سووکی بکات.

حکوومەتی رەئیسی و تەنانەت حکوومەتەکانی پێشتریش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە هانایان بۆ قەرزوەرگرتن لە بانکی ناوەندی و دامەزراوە داراییە نیشتمانییەکانی تر بردووە و ئەو هەنگاوەش هەڵاوسان و دابەزینی زیاتری بەهای تمەنی بەدواوە بووە.

بەگوتەی دامەزراوەکە قەبارەی نەختینەیی لە ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا 31% هەڵکشا بەڵام ئەمساڵ 47%ی تر زیاد دەکات و ئەمەش دەری دەخات کە حکوومەت بۆ پڕکردنەوەی پارەی پێویست هانا بۆ چاپکردنی تمەن بە بێ پشتیوانیی بانکی ناوەندی دەبات.

قەبارەی هەڵاوسان لە ساڵی رابردوودا لە ئێران نزیکەی 49% بوو و ئەمساڵیش باس لەوە دەکرێ هەڵاوسان بگاتە 47%
قەبارەی هەڵاوسان لە ساڵی رابردوودا لە ئێران نزیکەی 49% بوو و ئەمساڵیش باس لەوە دەکرێ هەڵاوسان بگاتە 47% و زیادبوونی نەختینەیی لە بازاڕ بە هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی شتومەک هەژمار دەکرێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، پێشبینی کراوە ئەمساڵ رێژەی هەڵاوسان لە ئێران لە دوای وڵاتانی ڤەنزوێلا، زیمبابوێ، سوودان، ئەرجەنتین و سورینام و تورکیا زۆرترین رێژە لە ئاستی دنیادا تۆمار بکات.

یەدەگی دراوی ئێران ساڵ بە ساڵ لە کەمی دەدات و سندووقەکە ئاشکرای کردووە قەبارەی ئەو پارەیە لەمساڵدا لە ئێران دەگاتە 21 ملیار دلار. تێکڕای یەدەگی دراوی ئێران لە بانکی ناوەندی لە نێوان سالانی 2000 تا 2019 بریتی بووە لە 70 ملیار دۆلار.

سیاسەتە خراپەکانی ئێران لە ناوچەکە و هەناردەکردنی چەک و یارمەتیدانی گرووپە میلیشیاکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ بەرهەمهێنانی چەک و پەرەپێدانی پلانی ناوکی لە پاڵ سزا نێودەولەتییەکان بە گرنگترین هۆکاری نالەباریی ئابووریی ئێران هەژمار دەکرێت.

Paylas: