TR KU SO
FB X
Cîhan

ئیسرائیل پلانی هێرشی زەمینیی بۆ سەر غەززە هەڵوەشاندەوە

Navas Jan
Admin
📅 30 Ekim 2023 14:19

پەیامی کورد... ئیسرائیل پلانی هێرشی زەمینیی بۆ سەر غەززە هەڵوەشاندەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریكی بڵاوی كردەوە كە دەوڵەتی ئیسرائیل پلانی لەشکرکێشی و هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە هەڵوەشاندووەتەوە.

بەپێی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە، دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر پێشنیازی لۆید ئۆستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پلانی هێرشی زەمینی و دەست بەسەرداگرتنی كەرتی غەززەی هەڵوەشاندووەتەوە، لەبری ئەوە بە شێوەی پچڕپچڕ هێرشی زەمینیی سنووردار بۆ سەر ناوچەكە ئەنجام دەدات.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە لایەنی ئەمریكی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو لەوەی لە ئەگەری هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئامانجەكانی سوپای ئیسرائیل بەدی نەیەن، بەتایبەتییش كە ئەمریكاییەكان پێیان وا بووە كە سوپای ئیسرائیل ئامادەیی تەواوی تێدا نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە بە سەركەوتوویی.

لای خۆیەوە ئۆستین لە میانی گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل یۆواڤ گالانت جەختی لەسەر گرنگی و پێویستیی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی هێرشی زەمینیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کردبووەوە، بەهۆی ئەوەی چەكدارانی حەماس تۆڕێکی بەرفرەوان و ئاڵۆزی تۆنێلیان لە غەززە دروست كردووە.

جێی باسە ئێوارەی هەینیی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی بۆ سەر غەززە ڕاگەیاند، هەروەها بۆردوومانی سەرتاسەری کەرتی غەززەی چڕ كردەوە، لە هەمان كاتدا تۆڕەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتی لە ناوچەكە بڕی.

Paylas: