"ستراتیژی ئەمریکا لەسوریا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە"
دوای پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لەبڕیارەکەی سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی رۆژئاوای کوردستان، وتەبێژی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ستراتیژی وڵاتەکەیان لە سوریا هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا (جەنەڕاڵ کێنیس مەککێنزی) وتەبێژی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە "هەمیشە باوەڕیان وایە کاتێک دەگەنە کۆتایی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەسوریا، پێداچوونەوە بەئاستی ئامادەبوونیان لەو وڵاتەدا دەکەن".
دەشڵێت، لەڕاستیدا هیچ شتێک لەبارەی ستراتیژی ئەمریکاوە لەسوریا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
لای خۆشیەوە، دانە وایت وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندووە، "گوێبیستی دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووین لە سوریا، دەزانم دۆناڵد ترەمپ وتی لە نزیکترین کاتدا دەکشێینەوە، چونکە سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا کۆتایی نەهاتووە".
دوو ڕۆژی پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکەى خۆى بۆ کشانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەی لەسوریا پاشەگەزبوەوەو ڕەزامەندى نیشاندا بۆ مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ڕۆژئاواى کوردستان.