ئۆتۆمبێلێکی سوپای پاسداران وەرگەڕا و ١٢ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
پەیامی کورد... ئۆتۆمبێلێکی سوپای پاسداران وەرگەڕا و ١٢ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی سوپای پاسداران لە دەوروبەری شاری "سەروان"ی سیستان و بەلووچستان, پاسدارێک گیانی لە دەستدا و ١١ی دیکەش بریندار بوون.
"کەمپینی چالاکانی بەلووچ" ًڕۆژی ڕابردوو ئەم هەواڵە بڵآوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە ڕووداوەکە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گەلاوێژ هاتووەتە ئاراوە.
ماڵپەڕی "مەشرق نیووز"ی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانیش ڕووداوەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و نووسیویەتی، لە ئەنجامیدا "نەبی نووری" بەسیجییەکی قەرارگەی قودسی سوپای پاسداران کوژراوە.
قەرارگەی قودس، یەکێکە لە ١٠ قەراگەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران، کە حەسەن کەرەمی فەرماندەکەیەتی و لەڕووی جوگرافییەوە دوو پارێزگای کرمان و سیستان و بەلووچستان کۆنترۆڵ دەکات.
مەشرق نیووز ئاماژەی بە ژمارەی بریندارانی ئەو ڕووداوە نەداوە، بەڵام کەمپینی چالاکانی بەلووچ نووسیویەتی ١١ پاسدار لەو ڕووداوەدا بریندار بون.