ڤاتیکان ناوەڕۆکی دانیشتنەکەی پاپا و سیستانی بڵاو کردەوە
پەیامی کورد … ڤاتیکان ناوەڕۆکی دانیشتنەکەی پاپا و سیستانی بڵاو کردەوە
حکوومەتی ڤاتیکان بەیاننامەیەک لەبارەی کۆبوونەوەی پاپای وڵاتەکەی و مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، بڵاو دەکاتەوە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٦ی ئاداری ٢٠٢١،، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانی نەجەفی کرد و لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ بووەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، حکوومەتی ڤاتیکان رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی پاپا فرانسیس و ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی ٤٥ خولەکی خایاندووە و تێیدا پاپا جەختی لە گرنگیی هاوکاری و دۆستایەتیی ئایینەکان کردووەتەوە.
پاپا فرانسیس هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باسی گرنگیی رێزگرتنی هاوبەش و دانوستاندنەکانی بۆ هێنانەدیی ئاشتی و خێر بۆ گەلانی عێراق و مرۆڤایەتی بە گشتی، کردووە.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پاپا فرانسیس سوپاسی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراقی لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی کردووە و رایگەیاندووە، ”ژیانی مرۆڤایەتی پیرۆزە“.