تاران هۆشداری دەدات
پەیامی کورد ... سوپای پاسدارانی ئێران ئەمرۆ چوارشەممە دەستیکرد بە پاککردنەوەی سێ هەزار ناوچە لە سەتاسەری ئێراندا بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا لە ووڵاتەکەدا، تارانیش هۆشداری لەبارەی بڵاوبونەوەی شەپۆلی دووهەمی ڤیرووسی کۆرۆنا دەدات.
عەلی رەبیعی، وتەبێژ بەناوی حکومەتی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "توانیومانە شەپۆلی یەکەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بخەینە ژێر کۆنتڕۆڵەوە، بەڵام چەندین هۆشداریمان لەبارەی سەرهەڵدانی شەپۆلی دووهەمی بڵاوبونەوەی ڤیرووسی کۆرۆناوە پێگەیشتوە".
رەبیعی داوای لە هاووڵاتیانیش کرد کە خۆیان لە گواستنەوە و هاتووچۆی نێوان شارەکان بپارێزن، بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤیرووسی کۆرۆنا.
ئەوەشی خستەڕو، حکومەت بڕیاری راگرتنی هاتووچۆی لە نێوان شارەکانی ئێراندا دەرکردوە، هەرکەسێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
ئەو ووتەبێژە روونیکردوەوە، سەرەڕای بوونی مەترسی بڵاوبونەوەی شەپۆلی دووهەمی ڤیرووسی کۆرۆنا لە ووڵاتدا، حکومەت هیچ نیگەرانییەکی لەبارەی دابینکردنی پێداویستییە بنەرەتییەکانی هاووڵاتییەکانی نییە.