ترەمپ: جەنگی کۆریا بەرەو کۆتایی دەچێت
سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکی کۆریای باکوور و باشوور دەربڕی و رایگەیاند، جەنگی کە کۆریا بەرەو کۆتایی دەچێت.
لەدوای کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک کۆماری کۆریای باکوەر و باشوور، ئەمڕۆ هەینی (٢٧)ی نیسان، لە تویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە، کە "جەنگی کۆریا بەرەو کۆتایی دەچێت".
دەشڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلەکەی پێویستە شانازی بکەن بەو دۆخەی کە ئێستا لە کۆریا هاتووەتە ئاراوە.
ترەمپ جەختیشیکردووەتەوە، کە دۆخێکی باش لەئارادایە، بەڵام کات ئاگادارماندەکاتەوە لە ئەنجامەکان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بڕێارە لەمانگی حوزەیرانی داهاتوودا، هەریەکە لەسەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی کۆریای باکوور کۆببنەوە.
جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ (٢٧)ی نیسان، هەریەکە لە (کیم جۆنگ ئون) سەرۆکی کۆریای باکوور و (موون جەی ئین) سەرۆکی کۆریای باشوور لەسەر سنوری هەردوو وڵات کۆبوونەوە.