ترەمپ: کوریا و ئێمەش دەمانەوێت کۆبوونەوەکە بکرێت
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند تا ئێستا ئومێدمان هەیە و دەکرێت ڕۆژی 12ی حوزەیران لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببینەوە.
دۆناڵد ترەمپ پێش بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچووانی کۆلێژی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، لە باخچەی کۆشکی سپیدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا. ترەمپ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند کۆتا ڕوونکردنەوەی کۆریای باکور ئەرێنی بووە و ئێمە دڵخۆشین بەوە. ئێمە تا ئێستا ئومێدمان هەیە کە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببینەوە.
ترەمپ: "با ببینین چی ڕوو دەدات. لە ئێستادا لەگەڵ ئەوان قسە دەکەین. ئەو ڕوونکردنەوەیەی ئەوان زۆر ئەرێنی بوو. دەکرێت لە 12ی حوزەیران لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببینەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم کۆبوونەوەیە بکرێت، وە ئەوان زیاتر دەیانەوێت کۆبوونەوەکە بکرێت".
شایانی باسە پێشتر هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەکە ڕۆژی 12ی حوزەیران لە وڵاتی سەنگافورە ئەنجام بدرێت. بەڵام دواتر دۆناڵد ترەمپ وادەی کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە. دوێنێ دۆناڵد ترەمپ لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بۆ هۆکاری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکە کرد.
ترەمپ: "بڕیارمدا کۆبوونەوەی لوتکە کە بڕیار وایە ڕۆژی 12ی حوزەیران لە سەنگافورە ئەنجام بدرێت هەڵبووەشێنمەوە. بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت ئەو بڕیارە هەنگاو نانە بەرەو دواوە هەم بۆ کۆریای باکور و هەم بۆ هەموو جیهان. ئێمە چاوەڕوانی هەنگاوی داهاتووی کیم جۆن ئونین. ئەگەر کیم جۆنگ ئون دەستپێشخەری هەبێت بۆ دیالۆگێکی بنیادنەرانە، ئەوکات ئێمە ئامادەین".