ترەمپ: ئێران رێگری لەکۆتایی پێهێنانی داعش دەکات
لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیدا لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کە "بەم نزیکانە چارەنووسی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران یەکلایی دەبێتەوە"، دەشڵێت، "دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەو رژێمە خوێناوییە نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی".
پاش کۆبوونەوەیان لەکۆشکی سپی، دۆناڵ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و تیایدا باسیان لە بابەتەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و کۆریای باکوور کرد.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ترەمپ وتی، "بەم نزیکانە چارەنووسی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران یەکلایی دەبێتەوەو دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەو رژێمە خوێناوییە نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی".
راشیگەیاند، کە "دەبێت خەرجی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەلایەن ئەو وڵاتانەوە تەرخان بکرێت، ئەوکات بەرەنگاربوونەوەی داعش کاریگەرتر دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، کە "سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە کۆتایی نزیک بووینەتەوە، بەڵام ئێران بۆشاییەکی دروست کردووەو رێگری دەکات لە کۆتایی پێهێنانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە".