زێلێنسکی: جەنگی ڕووسیا ئەفریقای برسی کردووە
پەیامی کورد... زێلێنسکی: جەنگی ڕووسیا ئەفریقای برسی کردووە
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، «ئەفریقا بارمتەی ئەو کەسانەیە کە جەنگیان لە دژی وڵاتەکەمان بەرپا کردووە و ئەو کیشوەرەیان برسی کردووە».
دوایین وتاری سەرۆکی ئۆکراینا، کە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە لە بەردەم یەکێتیی ئەفریقادا خوێندییەوە، باسکردنی کاریگەرییەکانی جەنگ بوو لەسەر دۆخی خۆراک لە وڵاتان و بە تایبەت وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا.
بەهۆی جەنگی ڕووسیاوە، هەناردەکردنی دانەوێڵە بە تایبەت گەنم و گەنمەشامی و ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و پەیینی کیمیایی لە ئۆکرایناوە بۆ وڵاتان ڕاگیراوە، جەنگەکە و گەمارۆی ڕووسیا دەروازە ئاوییەکانی ئۆکراینایان داخستووە.
لە وتارەکەیدا بۆ ئەفریقییەکان ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا وتی، «کیشوەرەکەتان خزێنراوەتە قەیرانێکەوە کە دەستکردە و خۆی هۆکاری قەیرانەکە نییە، ئەفریقا بارمتەی ئەو کەسانەیە کە جەنگیان لە دژی وڵاتەکەمان بەرپا کردووە».
زیلینیسکی وتی، «ڕەنگە ئەم جەنگە دوور بێت لە ئێوە و وڵاتەکانتانەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک کاریگەریی کارەسات ئامێزی هەیە لەسەر ملیۆنان خێزانی ئەفریقی».