TR KU SO
FB X
Cîhan

زیلینسکی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو

Navas Jan
Admin
📅 26 Mart 2022 18:11

پەیامی کورد... زیلینسکی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو. ڕاوێژکارێکی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش گرووپێکی نهێنی نزیک لە ڕووسیا بەو کارە تۆمەتباردەکات.

لە هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی دەیلی پۆست-دا هاتووە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، مارکیانی لۆبکیڤسکی، گەورە ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگری ئۆکراینا ڕایگەیاند، گرووپێکی نهێنی سەر بە ڕووسیا بە ناو "واگنەر"، هەوڵی کوشتنی سەرۆکی ئۆکراینا و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیان داوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەواڵگری ئۆکراینا و ئەو هێزە تایبەتەی کە زیلینسکی سەرۆک دەپارێزن، هەواڵەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، "گرووپی سەربازی واگنەر لە هەوڵەکەیان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک سەرکەوتوو نەبوون."

ئەو ڕاوێژکارەی وەزارەتی بەرگری ئۆکراینا جەخت دەکاتەوە لەوەی، "هەموو دۆکیۆمێنتەکان و بەڵگەی پێویست ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی دەکرێن و چاوپۆشی لەو هەوڵە شکستخواردووە ناکەن."

ئەمە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی ئۆکراینا ئاشکرا یان کردووە، پێشتریش سەرۆکی ئەو وڵاتە لە دوو هەوڵی دیکەی کوشتن ڕزگری بووە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی بەریتانیا، لە ئێستادا 150 سەربازی هێزی دەریایی ئەمریکا کە بە "سیلز" ناسراون لەگەڵ 70 سەربازی هێزی تایبەتی ئێس ئەی ئێسی بەریتانی لە لیتوانیا جێگیرکراون و مەشق و ڕاهێنانی چڕ دەکەن. هەروەها زانیاری وردی هەوڵگریان پێ دەگات و لە هەر کاتێک زانیان ژیانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە مەترسیدایە ڕزگاری دەکەن.

جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا پێی ناوەتە مانگی دووەمییەوە و ماوەی 31 ڕۆژە بەردەوامە. ڕووسیا لەڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆشەگیرکراوە، تەنانەت دۆستە 70 ساڵییەکەی کە وڵاتی چین-ە وەک پێویست هەنگاوی لەگەڵ نانێت، بێدەنگی ئێران-یش ڕووسیای تووشی نائارامی کردووە.

لای خۆشییەوە ئەمریکا هۆشداری داوەتە چین کە ئەگەر هاوکاری ڕووسیا بکات، ئەوا دەبێت چاوەڕێی "ئەنجام و پەرچەکرداری توند بێت".

لە دوایین گۆرانکاریشدا، دوێنێ هەینی، وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند کە قۆناخی یەکەمی پرۆسەی سەربازی بەشێوەیەکی گشتی تەواو بووە و لەمەودوا تیشک دەخرێتە سەر ڕزگارکردنی تەواوی ناوچەی دۆنباس لە خۆرهەڵاتی ئۆکراینا، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەمە مانای وایە کریملین ئامانجی گشتی پرۆسەکە کورت دەکاتەوە و دەست بە جەنگی هەڕەمەکی دەکات.

Paylas: